شۆردنی مردوو

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-06-04:01:00 - کۆدی بابەت: 4210
شۆردنی مردوو

ناوه‌ڕۆك

باسی شۆردنی مردوو

واجبەکە هەر ئەوەندەیە، جارێک بشۆردرێ وەکو غەسلی جەنابەت، بەڵام سوننەت وەهایە سێ جار بشۆردرێ، هەم سوننەتە لە یەکەم شۆردنیدا شتێکی وا هەبێ کە چڵکی لێ لاببات وەکو سابون، واجبە مردوو بشۆردرێ کە تەواو گیانی دەرچوو، هەرچەند لەناو ئاویشدا خنکابێ، سوننەتە شۆردنەکە تاک بێت.

هەم سوننەتە لە کۆتایی شۆردنیدا کەمێک لە کافور تێکەڵی ئاوەکە بکرێ ، بۆ ئەوەی بۆنی خۆش ببێ و لاشەی توند ببێت، ینجا زۆر باش ووشک ئەکرێتەوە و کفن ئەکرێت، پێویستە پیاو پیاو بشۆرێ و، ئافرەت ئافرەت بشۆرێ، بەڵام دروستە منداڵی بچکۆلە ئافرەت و پیاو بیشۆن، هەروەها دروستە ژن و مێرد یەکتری بشۆن (قال النبی -صلي الله علیه وسلم- لعائشة -رضي الله عنها: لَوْ مِتِّ قَبْلِي فَغَسَّلْتُكِ وَكَفَّنْتُكِ) رواه أحمد وإبن ماجە، پێغەمبەر ﷺ بە (عائشة)ـی فەرموو ئەگەر پێشی من مردی، من ئەتشۆم و کفنت ئەکەم.

سوننەتە مردوو شۆر دەستی خۆی بە توندی بەسەر ورگی مردووەکەدا بێنێ، ئینجا واجبە پەڕۆکێک یان دەستەوانەیەک بخاتە دەستی خۆی و تارەتی مردووەکە بکات و هەر پیسییەکی تریش هەبوو لای ببات و نابێ تەماشای عەورەتی بکات، ئینجا بە پەڕۆکێکی تر ناو دەم و لووتی پاک بکاتەوە، ئینجا دەستنوێژی مردووەکە ئەشۆرێ، ئینجا دەست بەلای ڕاستەی ئەکات، ئینجا کە سابوونی لێ شۆرد، دوو جاری تریش ئەیشۆرێ، پێغەمبەر ﷺ کاتێ کە کیژەکەی وەفاتی کرد و ویستیان بیشۆن فەرمووی: (ابْدَأْنَ بمَيَامِنِهَا ومَوَاضِعِ الوُضُوءِ منها) رواه الشیخان، لە پێشا دەست بە لای ڕاستە و شوێنەکانی دەستنوێژ بکەن.

ئەگەر پیاوێک مرد و هیچ پیاوێک نەبوو بیشۆرێ، یان ئافرەتێک مرد و هیچ ئافرەتێک نەبوو بیشۆرێ، ئەوە ئەگەر بگونجێ بە جلی خیانەوە نوقمی ئاو بکرێن، یان لەناو جلەکانی خۆیاندا بشۆرێن و ڕووت نەکرێن، واجبە بەو جۆرە بشۆرێن، جا ئەگەر نەگونجا، ئەبێ تەیەمموم بکرێن (عن عائشة -رضي الله عنها: غسلوا النبيَّ وعليه قمیصة) رواه أحمد، کە پێغەمبەریان ﷺ شۆرد، کراسی هەر لەبەردابوو و ڕووتیان نەکردەوە.

ئەگەر لە ئاوەدانیدا لەبەر نەبوونی ئاو مردووێک تەیەمموم کرا، ئینجا پێش ناشتنی ئاو بەدەست کەوت، ئەوە واجبە بشۆردرێ و دووبارە نوێژی (جنازة)ـی لەسەر بکرێتەوە، هەروەها ئەگەر لە ئاوەدانیدا بە تەیەمموم نوێژی جەنازەی لەسەر کرابوو، ئینجا ئاو بە دەست کەوت، واجبە دووبارە بە دەستنوێژەوە نوێژی (جنازة)ـی لەسەر بکرێتەوە، جا ئەگەر نەشترابوو، ئەو کاتە لەسەر گۆڕەکەی بە دەستنوێژەوە نوێژەکە ئەکرێتەوە، واتە ئەگەر تەیەمموم کرابوو، نە بۆ شوشتن و نە بۆ نوێژ لەسەرکردن نابێ بیهێننە دەرەوە.


سەرچاوەکان



945 بینین